کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزژیرمەندی

ژیرمەندی ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.

٢چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.

٣وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.

٤دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.

٥گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان،

٦چونکە پێکەنینی پیاوی گێل، وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا. ئەمەش هەر بێ واتایە.

٧زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.

٨کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی، پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.

٩لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

١٠مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟» چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.

١١دانایی باشە وەک میرات و بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.

١٢دانایی پەناگایە وەک چۆن پارەش پەناگایەکە، بەڵام ئەمە سوودی زانینە: دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.

١٣تەماشای کاری خودا بکە: کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟

١٤لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە، بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

١٥لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی: کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت، خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.

١٦زۆر ڕاستودروست مەبە و زیاد دانا مەبە. بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟

١٧زۆر بەدکار مەبە و مەبە بە گێل. بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟

١٨باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت، چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات.

١٩دانایی دانا بەهێزتر دەکات لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.

٢٠بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە، کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.

٢١هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ، نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،

٢٢چونکە دڵت دەزانێت کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.

٢٣هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم: «دانا دەبم،» کەچی لێم دوور بوو.

٢٤ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛ کێ دەیدۆزێتەوە؟

٢٥هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم، لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و گێلایەتیش شێتییە.

٢٦من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە، دەستەکانیشی کۆتن. ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت، بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.

٢٧وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە: «بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،

٢٨لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام، پەندێکم بیستووە کە دەڵێت: ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە، بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“

٢٩تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە: خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە، بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.