کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەستێر

ئەستێر ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە.

٢ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا،

٣با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا تاکو هەموو کچە پاکیزە و جوانەکان لە حەرەمسەرای قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کە کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەراکەیە، هەروەها با بۆنوبەرامیان پێ بدرێت.

٤ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد.

٥لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو.

٦یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو.

٧مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی.

٨بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەرەمسەرا سپێردرا.

٩کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە دەستبەجێ بۆن و کەلوپەلی جوانکاری و خواردنی تایبەتی پێدا. هەروەها حەوت خزمەتکاری هەڵبژێردراوی لە کۆشکی پاشا پێدا، ئینجا ئەو و خزمەتکارەکانی بۆ باشترین شوێنی حەرەمسەرا گواستەوە.

١٠ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات.

١١مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەرەمسەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.

١٢بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا.

١٣بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەرەمسەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا.

١٤ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەرەمسەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە.

١٥کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هێگەیی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە.

١٦ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی.

١٧پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن.

١٨ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا.

١٩کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو.

٢٠ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە.

٢١لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن.

٢٢بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت.

٢٣کاتێک بابەتەکە لێی کۆڵڕایەوە و زانییان کە ڕاستە، هەردووکیان لە دار دران. ئەو ڕووداوەش لەبەردەم پاشا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کرا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.