کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەستێر

ئەستێر ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پاش ئەم ڕووداوانە، ئەحەشوێرۆشی پاشا هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی گەورە کرد و بەرزی کردەوە، پایەیەکی بەرزتری لە پایەی هەموو سەرکردەکانی دیکە پێ بەخشی کە لەگەڵین.

٢هەموو کاربەدەستەکانی پاشا کە لەلای دەروازەی پاشاوەن بەپێی فەرمانی پاشا سەریان بۆ هامان دادەنەواند و کڕنۆشیان بۆ دەبرد، بەڵام مۆردەخای سەری بۆ دانەدەنەواند و کڕنۆشی بۆ نەدەبرد.

٣لەبەر ئەوە خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لە دەروازەکەی پاشادا بوون بە مۆردەخایان گوت: «بۆچی سەرپێچی فەرمانی پاشا دەکەیت؟»

٤ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قسەیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام ئەو هەر گوێی لێ نەدەگرتن. لەبەر ئەوە بە هامانیان گوت بۆ ئەوەی بزانن ئەو قسەیەی مۆردەخای خۆی ڕادەگرێت، چونکە پێی ڕاگەیاندبوون کە ئەو جولەکەیە.

٥جا کە هامان بینی مۆردەخای سەری بۆ دانانەوێنێت و کڕنۆشی بۆ نابات، زۆر تووڕە بوو.

٦بە تەنها کوشتنی مۆردەخای بەلاوە کەم بوو، چونکە زانی مۆردەخای لە چ نەتەوەیەکە. هامان بەدوای ئەوە دەگەڕا هەموو نەتەوەکەی مۆردەخای، بە واتا هەموو جولەکەکان، کە لە شانشینی ئەحەشوێرۆش بوون لەناویان ببات.

٧لە مانگی یەک کە مانگی نیسانە، لە ساڵی دوازدەیەمینی ئەحەشوێرۆشی پاشا، لەبەردەم هامان تیروپشکیان دەکرد کە پێی دەگوترا پور‏، بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژ و مانگێک. تیروپشک کەوتە سەر مانگی دوازدە، واتا مانگی ئادار.

٨ئینجا هامان بە ئەحەشوێرۆش پاشای گوت: «نەتەوەیەک هەیە لەنێو هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشایەتییەکە پەرتەوازەن و بە جیاواز دەژین. نەریتەکانیان لەگەڵ نەریتی هەموو نەتەوەکان جیاوازترە و یاساکانی پاشا جێبەجێ ناکەن. بۆ پاشا باش نییە لێیان بگەڕێت بە ئاسوودەیی دانیشن.

٩ئەگەر پاشا پێی باشە با فەرمانێک بۆ لەناوبردنیان دەربکرێت، منیش دە هەزار تالنت زیو دەدەمە دەست خەزنەدارانی پاشا بۆ گەنجینەی شاهانە.»

١٠ئینجا پاشا ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو، دایە هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی جولەکەکان.

١١پاشا بە هامانی گوت: «زیوەکە بۆ خۆت بێت، چیشت پێ باشە ئاوا لە نەتەوەکە بکە.»

١٢لە سێزدەی مانگی یەک خامەی نهێنییەکانی پاشا بانگ کران، هەموو ئەوەی هامان فەرمانی پێیدان نووسرایەوە بۆ میرەکانی پاشا و پارێزگارەکانی هەرێمە جیاوازەکان و سەرکردەکانی نەتەوە جیاکان، هەر هەرێمە و بە ڕێنووسی خۆی و هەر نەتەوەیە و بە زمانی خۆی. نامەکانیش بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسراون و بە ئەنگوستیلەکەی ئەویش مۆر کران.

١٣بە دەستی پەیامبەرەکانیشدا نامەکان بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نێردران و تێیاندا فەرمانی دابوو کە لە یەک ڕۆژ، لە سێزدەی مانگی دوازدە، واتا لە مانگی ئادار هەموو جولەکەکان بە گەنج و پیر و ژن و منداڵەوە قڕ بکرێن و بکوژرێن و لەناو ببردرێن، کەلوپەلەکانیشیان بە تاڵان ببردرێن.

١٤وێنەی نووسراوەکەش وەک فەرمانێک درایە هەموو هەرێمەکان و لەناو هەموو نەتەوەکان بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە ئامادە بکەن.

١٥هەروەک پاشا فەرمانی کرد پەیامبەرەکان بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها ئەو فەرمانە لە قەڵای شوشیش درا. پاشا و هامان بۆ خواردنەوە دانیشتن، بەڵام شاری شوش شڵەژا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.