١هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل.
٢جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.» موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»
٣بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
٤ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
٥یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ.
٦من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
٧ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
٨عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم.
٩موساش بە یەشوعی گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»
١٠یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە.
١١ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە، نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە، عەمالێقییەکان سەردەکەوتن.
١٢کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون، بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە.
١٣یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.
١٤یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»
١٥موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و
١٦گوتی: «لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان، یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»