کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەترۆی خەزووری موسا کە کاهینی میدیان بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە خودا لەگەڵ موسا و ئیسرائیلی گەلەکەی کردبووی، کە یەزدان ئیسرائیلی لە میسرەوە دەرهێناوە.

٢لەدوای ئەوەی موسا چیپۆرەی ژنی ناردبووەوە یەترۆی خەزووری هێنایەوە،

٣لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی. ناوی یەکێکیان گێرشۆمە، چونکە موسا گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»

٤ناوی ئەوەی دیکەشیان ئەلیعەزەر بوو، چونکە گوتی: «خودای باوکم یارمەتیدەرم بوو و فریام کەوت لە شمشێری فیرعەون.»

٥یەترۆی خەزووری موسا و کوڕەکانی و ژنەکەی هاتنە لای موسا بۆ ئەو چۆڵەوانییەی ئەو لەوێ لەلای کێوی خودا لایدابوو.

٦یەترۆ هەواڵی بۆ موسا نارد: «من یەترۆم، لەگەڵ ژنەکەت و دوو کوڕەکەی بۆ لای تۆ هاتووم.»

٧موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە.

٨موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت.

٩یەترۆش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان.

١٠یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان.

١١کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.»

١٢جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن.

١٣ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان.

١٤کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟»

١٥موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «لەبەر ئەوەی گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن.

١٦هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.»

١٧خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە.

١٨خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت.

١٩ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە.

٢٠فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن.

٢١بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.

٢٢هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوە بارت سووک دەکات، چونکە ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن.

٢٣ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.»

٢٤موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی.

٢٥موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.

٢٦ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد.

٢٧ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆش گەڕایەوە خاکی خۆی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.