١«چادری پەرستنیش لە پڵاسی کەتانی ڕستراو دروستبکە، هەروەها بە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر بکە.
٢درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.
٣پێنج پڵاس پێکەوە ببەستە و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە.
٤ئەڵقە لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستبکە، هەمان شت بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم بکە.
٥پەنجا ئەڵقە بۆ پڵاسی یەکەم دروستدەکەیت و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بن.
٦پەنجا فاقی زێڕیش دروستبکە. بە فاقەکان پڵاسەکان هەریەکە و لەوەی تەنیشتی ببەستەوە. ئیتر چادری پەرستن دەبێتە یەک پارچە.
٧«ڕەشماڵێک لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستبکە و سەری چادری پەرستنی پێ بگرە،
٨درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.
٩پێنج لە پڵاسەکان پێکەوە ببەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە، پڵاسی شەشەمیش بەڕووی چادرەکەدا بنووشتێنەوە.
١٠پەنجا ئەڵقە لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستبکە، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.
١١پەنجا فاقی بڕۆنزیش دروستبکە و فاقەکان بخە ناو ئەڵقەکان، چادرەکە پێکەوە ببەستەوە و دەبێتە یەک پارچە.
١٢ئەوەش کە شۆڕدەبێتەوە و لە پڵاسەکانی چادرەکە دەمێنێتەوە، نیوەی ئەو پڵاسەی دەمێنێتەوە بەسەر کۆتایی چادرەکەی پەرستندا شۆڕی بکەوە.
١٣باڵێک لەم لا، باڵێک لەو لا لەوەی دەمێنێتەوە لە درێژایی پڵاسی چادرەکە شۆڕ بکرێنەوە بەسەر دوو لای چادرەکەی پەرستندا، لەم لاو لەو لاوە بۆ داپۆشینی.
١٤پۆشەرێکیش لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستبکە، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
١٥«چوارچێوەش لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
١٦درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بێت.
١٧دوو زمانەش بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستبکە بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوا بکە.
١٨چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستبکە،
١٩چل بنکەی زیویش لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستبکە، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.
٢٠بیست چوارچێوە بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
٢١چل بنکەی زیویشی هەبێت، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
٢٢بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،
٢٣دوو چوارچێوەش بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستبکە.
٢٤دەبێت لە خوارەوە جووت بن و هەتا سەرەوە یەک بن، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوا بن.
٢٥ئینجا دەبێتە هەشت چوارچێوە و بنکە زیوەکانیشیان شازدە دەبێت، هەردوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکەی دیکەش لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
٢٦«هەروەها پێنج کاریتە لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستبکە،
٢٧پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.
٢٨کاریتەکەی ناوەڕاستیش بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.
٢٩چوارچێوەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستبکە، کاریتەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە.
٣٠«چادرەکەی پەرستنیش لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵبدە کە لە کێوەکە پیشانت دراوە.
٣١«پەردەیەکیش لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستبکە.
٣٢بیخە سەر چوار کۆڵەکەی لە داری ئەکاسیا دروستکراو و بە زێڕ ڕووکەشکراو، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بێت، لەسەر چوار بنکەی زیو بن.
٣٣چەند فاقێکیش بەلای سەرەوەی پەردەکەوە بکە و سندوقی پەیمانیش بهێنە ئەوێ بۆ دیوی ژوورەوەی پەردەکە. پەردەکە شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆز لە یەکتری جیا دەکاتەوە بۆتان.
٣٤قەپاغی کەفارەتیش لەسەر سندوقی پەیمان لە شوێنی هەرەپیرۆز دابنێ.
٣٥مێزەکەش لە دەرەوەی پەردەکە دابنێ و چرادانەکەش بەرامبەر مێزەکە لەلایەکی چادرەکەی پەرستن لەلای باشوور دابنێ و مێزەکەش لەلای باکوور.
٣٦«پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک.
٣٧بۆ پەردەی دەروازەکەش پێنج ستوونی لە داری ئەکاسیا و بە زێڕ ڕووکەشکراو دروستبکە، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بن و پێنج بنکەی بڕۆنزیشیان بۆ دابڕێژە.