١«قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ بێت.
٢قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە.
٣تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە.
٤کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە.
٥بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت.
٦دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە.
٧دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی.
٨قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.
٩«حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ بۆ یەک لا،
١٠کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
١١ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
١٢«لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە.
١٣لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ.
١٤چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
١٥بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
١٦«بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن.
١٧هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن.
١٨درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن.
١٩هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.
٢٠«تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.
٢١لەناو چادری چاوپێکەوتن لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.