کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ٢٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«تۆش لەنێو نەوەی ئیسرائیل هارونی برات لە خۆت نزیک بکەوە، لەگەڵ ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار، کوڕانی هارون، بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.

٢جلوبەرگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبکە بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.

٣تۆش لەگەڵ بەهرەمەندەکان قسە بکە، ئەوانەی پڕمکردوون لە ڕۆحی دانایی، بۆ ئەوەی جلوبەرگەکەی هارون دروستبکەن بۆ تەرخانکردنی هەتا کاهینیێتیم بۆ بکات.

٤ئەمانەش ئەو جلوبەرگەن کە دروستی دەکەن، بەرسینە و ئێفۆد و کەوا و کراسی دامێن درێژی چنراو و مێزەر و کەمەربەند. ئینجا جلوبەرگی پیرۆز بۆ هارونی برات و کوڕەکانی دروستبکەن، هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن.

٥ئەوانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک وەردەگرن.

٦«ئێفۆدەکەش لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە جۆڵایەکی شارەزا دروستبکەن.

٧دوو شانیشی هەبێت بە هەردوو لایەوە پێوەی بەسترابن.

٨پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، دەبێت لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بێت، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بێت.

٩«دوو بەردی عاشقبەندیش بهێنە و ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلیان لەسەر هەڵبکەنە.

١٠ناوی شەشیان لەسەر بەردێک و ناوی شەشەکەی ماوەتەوە لەسەر بەردی دووەم هەڵبکەنە بەگوێرەی لەدایکبوونیان.

١١ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەر هەردوو بەردەکە هەڵبکەنە، وەک چۆن نەقاڕێک مۆر هەڵدەکەنێت. ئینجا بە چوارچێوەی زێڕینی دەوردراو بیانچەسپێنە.

١٢دوو بەردەکەش بخەرە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل. هارون لەبەردەم یەزدان وەک یادەوەری ناوەکانیان لەسەر هەردوو شانی هەڵدەگرێت.

١٣چوارچێوەی زێڕینیش دروستبکە و

١٤دوو زنجیری هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد، وەک گوریس، لەسەر چوارچێوەکان دابنێ.

١٥«هەروەها بەرسینەی دادوەری دروستبکە، وەک ئێفۆدەکە بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو.

١٦بەرسینەکەش چوارگۆشە و دووبەر بێت، درێژییەکەی بستێک و پانییەکەی بستێک.

١٧بە چوار ڕیز بەرد بیڕازێنەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛

١٨ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛

١٩ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛

٢٠ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. لە ڕازانەوەیاندا بە زێڕ دەور بدرێن.

٢١بەردەکانیش دوازدە بن وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بۆی دەبێت بۆ دوازدە هۆز.

٢٢«بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد دروستبکە، وەک گوریس.

٢٣لەسەر بەرسینەکەش دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە، دوو ئەڵقەکە لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دابنێ.

٢٤دوو زنجیرە زێڕینەکەش بخە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە.

٢٥هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەش بخە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەی دابنێ بۆ پێشەوەی.

٢٦دوو ئەڵقەی زێڕینیش دروستبکە و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دایانبنێ، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە.

٢٧هەروەها دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایانبنێ، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە.

٢٨بەرسینەکەش بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بە داوێک دەبەسترێت لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت، تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە.

٢٩«ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان.

٣٠هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.

٣١«کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە.

٣٢کونی سەریشی لە ناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی زرێ یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت.

٣٣لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان.

٣٤لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت.

٣٥دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.

٣٦«پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە، ”پیرۆزی بۆ یەزدان“.

٣٧بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت.

٣٨لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.

٣٩«کراسە دامێن درێژە چنراوەکەش لە کەتانی ناسک بێت و مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک دروستبکە. کەمەربەندەکەش بە دەستکردی جۆڵایەک بچنە.

٤٠بۆ کوڕانی هارونیش کراسی دامێن درێژ دروستبکە، هەروەها کەمەربەند و سەرپێچیان بۆ دروستبکە، بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.

٤١دوای ئەوەی ئەو جلوبەرگانەت لەبەر هارونی برات و کوڕەکانی کرد، دەستنیشانیان بکە و ئەرکیان پێ بسپێرە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی خزمەتی کاهینیێتیم بۆ بکەن.

٤٢«هەروەها دەرپێی کەتانیان بۆ دروستبکە بۆ پۆشینی ڕووتییان، لە ناوقەدەوە هەتا هەردوو ڕان بێت.

٤٣هارون و کوڕەکانی لەبەری بکەن لە هاتنە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن، یان لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگا بۆ خزمەتکردن لە شوێنی پیرۆز، نەوەک تاوان هەڵبگرن و بمرن. «ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ هارون و بۆ نەوەکەی دوای خۆی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.