کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بڕۆن بۆ ئەوەی بمپەرستن.

٢ئەگەر ڕازی نەبیت و ڕێیان نەدەیت، هەموو خاکەکەت پڕدەبێت لە بۆق.

٣ڕووباری نیل پڕدەبێت لە بۆق، سەردەکەون و دێنە ناو ماڵەکەت و ژووری نوستنەکەت و سەر قەرەوێڵەکەت، هەروەها دەچنە ماڵی خزمەتکارەکانت و سەر گەلەکەت و ناو تەنوورەکانت و تەشتە هەویرەکانت.

٤بۆق دێتە سەر خۆت و گەلەکەت و خزمەتکارەکانت.“»

٥ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”بە گۆچانەکەت دەست درێژبکە بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماوەکان، بۆق سەربخە بۆ سەر خاکی میسر.“»

٦هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی.

٧جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر.

٨فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «لە یەزدان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بۆق لە خۆم و گەلەکەم دووربخاتەوە، منیش ڕێ بە گەلەکە دەدەم بڕۆن قوربانی بۆ یەزدان سەرببڕن.»

٩موساش بە فیرعەونی گوت: «کاتێکم پێ بفەرموو کە بپاڕێمەوە لە پێناوی خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، بۆ بڕانەوەی بۆق لە تۆ و لە ماڵەکانت، بەڵام بۆق لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»

١٠ئەویش گوتی: «بەیانی.» موساش گوتی: «وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، بۆ ئەوەی بزانیت کە هیچ خودایەک نییە وەک یەزدانی پەروەردگارمان.

١١بۆقەکانیش لە خۆت و ماڵەکانت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت دوور دەکەونەوە، بەڵام لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»

١٢لەدوای ئەوەی موسا و هارون لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە، موسا هاواری بۆ یەزدان کرد لەبەر ئەو بۆقانەی کە وەک بەڵا بەسەر فیرعەونی هێنابوو.

١٣یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، بۆقەکان لە ماڵ و حەوشە و کێڵگەکان مردن.

١٤کۆمەڵ کۆمەڵ کۆیان کردنەوە و خاکەکە گەندەڵ بوو.

١٥بەڵام کاتێک فیرعەون بینی خامۆشی هاتە کایەوە، دڵی ڕەق کردەوە و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.

١٦ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت درێژ بکە و لە خۆڵی زەوی بدە،“ جا خۆلی زەوی لە هەموو خاکی میسر دەبێتە مێشوولە.»

١٧ئیتر ئاوایان کرد، هارون بە گۆچانەکەی دەستی درێژکرد و لە خۆڵی زەوییەکەی دا، مێشوولە هاتە سەر خەڵک و سەر ئاژەڵەکان، لە هەموو خاکی میسر هەموو خۆڵی زەوییەکە بوو بە مێشوولە.

١٨جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد بۆ پەیدابوونی مێشوولە، بەڵام نەیانتوانی. لەبەر ئەوەی مێشوولە لەسەر خەڵک و لەسەر ئاژەڵ مایەوە،

١٩جادووگەرەکان بە فیرعەونیان گوت: «ئەمە پەنجەی خودایە.» بەڵام فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.

٢٠ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و کە فیرعەون بەرەو ئاوەکە دەچێت لەبەردەمی ڕابوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.

٢١ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت بڕۆن، ئەوا منیش مێشومەگەزێکی زۆر دەنێرمە سەر خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت و ماڵەکانت، ئیتر ماڵی میسرییەکان پڕ دەبێت لە مێش، تەنانەت زەوییەکەش بە مێش دادەپۆشرێت.

٢٢«”بەڵام لەو ڕۆژەدا خاکی گۆشەن جیا دەکەمەوە کە گەلەکەمی لەسەر دەژین، بۆ ئەوەی مێش لەوێدا نەبێت، هەتا بزانیت من یەزدانم لە ناوەڕاستی خاکەکەدا.

٢٣جیاوازییەک لەنێوان گەلەکەم و گەلەکەت دادەنێم، بەیانی ئەم نیشانەیە دەبێت.“»

٢٤یەزدانیش ئاوای کرد و مێشومەگەزێکی زۆر هاتنە ناو ماڵی فیرعەون و ماڵی خزمەتکارانی، لە هەموو خاکی میسریش زەوییەکە لەبەر مێش وێران بوو.

٢٥ئینجا فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «بڕۆن لەم خاکە قوربانی بۆ خوداتان سەرببڕن.»

٢٦بەڵام موسا گوتی: «ڕاست نییە ئێمە وا بکەین، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە ئێمە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەری دەبڕین لەلای میسرییەکان قێزەونە، ئەگەر ئەوەی لەلای میسرییەکان قێزەونە لەبەرچاویان سەری ببڕین، ئایا بەردبارانمان ناکەن؟

٢٧سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، وەک پێمان دەڵێت.»

٢٨فیرعەونیش گوتی: «من ڕێتان دەدەم بڕۆن و لە چۆڵەوانی قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەرببڕن، بەڵام دوور مەڕۆن و بۆم بپاڕێنەوە.»

٢٩موساش وەڵامی دایەوە: «من لەلای تۆ دەچمە دەرەوە و لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئیتر بۆ بەیانی مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور دەکەونەوە، بەڵام ئیتر نابێت فیرعەون فێڵ بکات، هەتا ڕێ بە گەلەکە نەدات بڕۆن بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان.»

٣٠جا موسا لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە.

٣١یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، ئیتر مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور کەوتنەوە و هیچیان نەما.

٣٢بەڵام فیرعەون ئەم جارەش دڵی ڕەقکرد و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.