١یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“
٢ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن،
٣ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن.
٤بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»
٥یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.»
٦بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد.
٧فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
٨ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات.
٩دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»
١٠ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ.
١١جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکانی دا.
١٢بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
١٣یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن.
١٤ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە.
١٥دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە.
١٦بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.
١٧تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن.
١٨لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا.
١٩ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»
٢٠ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن.
٢١بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.
٢٢ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.»
٢٣ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر.
٢٤بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە.
٢٥تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند.
٢٦تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.
٢٧فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین.
٢٨لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»
٢٩موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە.
٣٠بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»
٣١کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو.
٣٢بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون، چونکە درەنگ پێدەگەن.
٣٣موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی.
٣٤کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد.
٣٥ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.