کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.»

٢کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.

٣پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە.

٤ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“

٥هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە.

٦بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە.

٧هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن.

٨ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»

٩کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە.

١٠لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.