١پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.»
٢منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.
٣پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.
٤پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ.
٥بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل،
٦نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت.
٧بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن.
٨لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان.
٩ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»
١٠ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، گوێ لە هەموو ئەو قسەیە بگرە کە من پێتی دەڵێم و لە دڵتدا هەڵیبگرە.
١١بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»
١٢ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە.
١٣دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، وەک دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون.
١٤جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم.
١٥ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێلئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.
١٦دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
١٧«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە.
١٨کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە و قسە نەکەیت وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
١٩بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
٢٠«ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ.
٢١بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»
٢٢لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.»
٢٣منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.
٢٤ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە.
٢٥تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان.
٢٦منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
٢٧بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.