کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە.

٢گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ.

٣ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.

٤«ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت.

٥منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.

٦«کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک.

٧جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە.

٨من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.

٩«تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت.

١٠ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت.

١١ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە.

١٢کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.»

١٣یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»

١٤منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»

١٥ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»

١٦هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە.

١٧ئیتر نان و ئاویان کەم دەبێت و لە دیمەنی یەکتر دەتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو دەچن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.