کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٢٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە.

٣بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سور، تۆ گوتت ’من تەواو جوانم.‘

٤سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان، بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.

٥هەموو تەختە دارەکانیان لە دار سنەوبەری سنیر بۆت دروستکرد. لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.

٦لە دار بەڕووەکانی باشان سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد. تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون، بە عاج ڕازاوەن.

٧کەتانی نەخشێنراوی میسر چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا. قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە چەترت بوون.

٨خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد سەوڵیان بۆ لێدەدایت. ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون، ئەوان کەشتیوانت بوون.

٩پیرانی جوبەیل و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون، کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە. هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت، بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.

١٠«”پیاوانی فارس و لوود و پووت لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون، قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.

١١نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون، گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون، قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.

١٢«”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٣«”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٤«”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٥«”خەڵکی ڕودس بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.

١٦«”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە، قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٧«”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٨«”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

١٩«”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

٢٠«”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.

٢١«”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

٢٢«”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

٢٣«”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت.

٢٤ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

٢٥«”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن. لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.

٢٦ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن، بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.

٢٧سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت، کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت، ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان، هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن، لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.

٢٨لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت کەنارەکان دەلەرزن.

٢٩هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا، لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و لەسەر کەنار ڕادەوەستن،

٣٠دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و بە تاڵییەوە دەقیژێنن، خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.

٣١بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و جلوبەرگی گوش دەپۆشن. بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ بۆت دەگریێن.

٣٢لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە، بۆت دەلاوێننەوە: ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا بێدەنگی نواند؟‘

٣٣کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە، گەلانێکی زۆرت تێر کرد. بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.

٣٤کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت لەناو قووڵایی ئاوەکان، کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت لەگەڵت نوقوم بوون.

٣٥هەموو دانیشتووانی کەنارەکان واقیان لێت وڕدەمێنێت، پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، ڕوخساریان دەشێوێت.

٣٦بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن، کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.