١فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت: ’من خوداوەندێکم، لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم لەناو جەرگەی دەریاکان.‘ بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند، هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
٣ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟ هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
٤بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت، زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
٥بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی سامانەکەتت زیاد کرد، جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت لەخۆبایی بوویت.
٦«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”وا دەزانیت کە دانایت، کە دانایی خوداوەندت هەیە،
٧هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت، دڕندەترینی نەتەوەکان، شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت، شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
٨لەناو جەرگەی دەریاکان بە مردنی خوێناوی دەمریت، شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
٩ئایا لەبەردەم بکوژەکانت دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟ نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر، تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
١٠بە مردنی خەتەنەنەکراوان دەمریت، بە دەستی بێگانان. من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
١١فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
١٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت، پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
١٣لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت، هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە: یاقووت، یاقووتی زەرد، زمروود، زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب، یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە و زمروودی سەوز. چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو، لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
١٤تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی، ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو. تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت، بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
١٥تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت، لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
١٦بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت، پڕ بوویت لە ستەم و گوناهت کرد. لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان، وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت، لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
١٧لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت، لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا. لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی، تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
١٨لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد. لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو، تۆی هەڵلووشی، دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی، لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
١٩هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی واقیان لێت وڕدەمێنێت، چونکە بوویتە پەند و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
٢٠فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
٢١«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە،
٢٢بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و لە ناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم. کاتێک سزای ئەو دەدەم و پیرۆزی خۆم دەردەخەم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
٢٣دەرد دەنێرمە سەری و خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات. لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لە ناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون، کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
٢٤«”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
٢٥«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم.
٢٦ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»