١لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.
٣قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم، ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل، ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
٤قولاپ لە شەویلگەت دەکەم، ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم. بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون، لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
٥لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم، خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت. لە دەشتودەر دەمریت، نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە. تۆ دەکەمە خۆراکی گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
٦ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم. «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
٧کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
٨«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.
٩خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘
١٠لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.
١١نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.
١٢خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
١٣«”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.
١٤ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.
١٥بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.
١٦لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
١٧لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
١٨«ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.
١٩لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.
٢٠خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٢١«لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»