١ئینجا پیاوەکە منی هێنایە شوێنی پیرۆز و دینگەکانی پێوا، ئەستوورایی دینگەکان لە هەر لایەکەوە شەش باڵ بوو.
٢پانی بەردەرگاکەش دە باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک پێنج باڵ بوو. هەروەها شوێنە پیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.
٣پاشان چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، دینگەکانی بەردەرگاکەی پێوا، پانی هەریەکەیان دوو باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش شەش باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک حەوت باڵ بوو.
٤شوێنە هەرەپیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی بیست باڵ، پانییەکەشی تەریب بوو لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکە و بیست باڵ بوو، پێی فەرمووم: «ئەمە شوێنە هەرەپیرۆزەکەیە.»
٥کە ئەستوورایی دیواری پیرۆزگاکەی پێوا شەش باڵ بوو. پانی ژوورە لاتەنیشتەکانیشی پێوا کە لە سێ لای پیرۆزگاکە هەبوون، هەر یەکێکیان چوار باڵ بوو.
٦ژوورە لاتەنیشتەکانیش بە سێ نهۆم هەبوون، لە هەر نهۆمێکیش سی ژوور هەبوون. بنچینەی ژوورەکان لەسەر دیواری پیرۆزگاکە خۆی دروستنەکرابوون، بەڵکو لەسەر لێواری دیواری ژوورەکان کە بۆ پتەوکردنی ژوورەکان دروستکرا بوون.
٧ئەگەر لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک سەربکەوتبووای، ژوورە لاتەنیشتەکان بەرینتر دەبوون، بەپێی لێوارەکە لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک لە سێ لای پیرۆزگاکە. پێپلیکانەیەکیش هەبوو، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە نهۆمی ناوەڕاستدا تێدەپەڕی.
٨بینیم لە چواردەوری پیرۆزگاکە بادلۆیەکی بەرز هەبوو، کە بناغەی ژوورە لاتەنیشتەکان بوو، درێژییەکەشی بەقەد درێژی قامیشێک بوو، شەش باڵ درێژی بوو.
٩ئەستوورایی دیواری ژوورە لاتەنیشتەکان لە دیوی دەرەوە پێنج باڵ بوو. حەوشەیەک هەبوو لەنێوان ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە و
١٠ژوورەکانی کاهینان، پانییەکەی بیست باڵ بوو بە دەوری پیرۆزگاکەدا.
١١دەروازەی ژوورە لاتەنیشتەکان لە کۆڵانێکەوە یەکێکی ڕووەو باکوور و یەکێکیشی ڕووەو باشوور بوو. پانی بادلۆکە لە دەوری پیرۆزگاکە پێنج باڵ بوو.
١٢ئەو بینایەش کە لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە بوو، لە لایەکەوە ڕووەو ڕۆژئاوا، پانی حەفتا باڵ بوو. ئەستوورایی دیواری بیناکەش پێنج باڵ بوو بە چواردەوریدا، درێژییەکەشی نەوەد باڵ بوو.
١٣پیرۆزگاکەشی پێوا، سەد باڵ درێژ بوو، شوێنە جیاکراوەکە و بیناکە و دیوارەکانی سەد باڵ درێژ بوون.
١٤ڕووی پەرستگا و شوێنە جیاکراوەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات پانییەکەی سەد باڵ بوو.
١٥ئینجا درێژی بیناکە و هۆڵەکانی پێوا، بیناکەش لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە لە پشتی پیرۆزگاکە بوو، لە لایەکەوە بۆ لایەکەی دیکە، سەد باڵ بوو. شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز و ڕووی هەیوانەکە بە لای حەوشەکەدا،
١٦لەگەڵ بەردەرگاکان و کڵاوڕۆژنە کەتیبەدارەکان و هۆڵەکانی چواردەوری سێ نهۆمەکە، بەرامبەر بەردەرگاکە لە هەموو لایەکەوە تەختەی لێ درابوو. لە زەوییەکەوە هەتا کڵاوڕۆژنەکە، کڵاوڕۆژنەکەش داپۆشرابوو.
١٧لە سەرەوە، ناوبەناو لەسەر دیوی دەرەوەی داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆز، دیوارەکە بە چواردەوری شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز،
١٨نەخشی کەڕوبەکان و دار خورمای لەسەر کرابوو. دار خورمایەک لەنێوان کەڕوبێک و کەڕوبێکی دیکە، هەر کەڕوبێکیش دوو ڕووی هەبوو،
١٩ڕووێکی مرۆڤ ڕووەو دار خورمایەک و ڕووی جوانە شێرێک ڕووەو دار خورمایەکی دیکە. کە هەموو چواردەوری پیرۆزگاکە بەم شێوەیە نەخشێنرابوو.
٢٠هەروەها دیواری شوێنی پیرۆزیش لە زەوییەوە هەتا سەر داڵانەکە بە کەڕوب و دار خورماکان نەخشێنرابوون.
٢١چوارچێوەی دەرگای شوێنە پیرۆزەکەش لاکێشەیی بوو، هەروەها ئەو چوارچێوەیەی کە لەپێشی شوێنی هەرەپیرۆزەکە بوو هەمان شێوەی هەبوو.
٢٢قوربانگاکە لە دار دروستکرابوو، بەرزی سێ باڵ بوو، درێژی و پانییەکەی دوو باڵ بوون، گۆشە و بنکە و دیوارەکانی لە دار بوون. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەمە ئەو مێزەیە کە لەبەردەم یەزدانە.»
٢٣شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆزیش دەرگایەکی دوو دەری هەبوو.
٢٤هەر دەروازەیەکیش دوو دەری بوو، لە ناوەڕاستەوە دەکرانەوە.
٢٥کەڕوب و دار خورما لەسەر ڕووی دەرگاکانی شوێنی پیرۆزیش نەخشێنرا بوون، بە هەمان شێوە دیوارەکانیش نەخشێنرابوون، تارمەیەکی دارینیش لەپێش هەیوانەکە هەبوو.
٢٦لەسەر دیواری لاتەنیشتەکانی هەیوانەکە و ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە دەلاقەی کەتیبەدار هەبوو کە لایەکانی بە نەخشی دار خورما ڕازێنرابووەوە.