کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٤٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور.

٢درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو.

٣لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە.

٤بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون.

٥شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون.

٦بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو.

٧ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو.

٨درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو.

٩لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.

١٠ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە.

١١لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو.

١٢وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.

١٣پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز وەکو پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەوێ دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە.

١٤کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»

١٥کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا،

١٦لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ بوو.

١٧لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.

١٨لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.

١٩ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا.

٢٠لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.