١لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا.
٢زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.
٣خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو.
٤خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە.
٥خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.
٦خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.»
٧جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە.
٨خودا بۆشاییەکەی ناو نا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.
٩خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو.
١٠خودا وشکانییەکەی ناو نا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناو نا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
١١ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
١٢زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
١٣جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.
١٤ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ.
١٥با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو.
١٦هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش.
١٧خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان،
١٨بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
١٩جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.
٢٠ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.»
٢١ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
٢٢خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.»
٢٣جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.
٢٤خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.
٢٥خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.
٢٦ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.»
٢٧خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان.
٢٨خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.»
٢٩ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک.
٣٠بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.
٣١خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.