١بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
٢ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.
٣خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
٤ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
٥هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات.
٦بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا.
٧جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
٨ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.
٩یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
١٠ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە:
١١ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە.
١٢زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە.
١٣ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا دەڕوات.
١٤ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە، ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
١٥یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی.
١٦یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت،
١٧بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
١٨یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
١٩یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو.
٢٠پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا. بەڵام بۆ پیاوەکە هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
٢١لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە.
٢٢ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
٢٣پیاوەکە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“ چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
٢٤لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
٢٥پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.