کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ١١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو.

٢ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

٣ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ.

٤هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

٥بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە.

٦یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن.

٧وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

٨ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا.

٩لەبەر ئەمە ناونرا بابل، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

١٠ئەمانەش نەوەکانی سامن. دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.

١١دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

١٢ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح.

١٣دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

١٤شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر.

١٥دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

١٦عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ.

١٧لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

١٨پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو.

١٩دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

٢٠ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ.

٢١دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

٢٢سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر.

٢٣دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

٢٤ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح.

٢٥دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

٢٦تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.

٢٧ئەمانەش نەوەکانی تارەحن. تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش لوتی بوو.

٢٨هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو.

٢٩ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو.

٣٠سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.

٣١تارەح ئەبرامی کوڕی و لوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارایی بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان، لەوێ نیشتەجێ بوون.

٣٢ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.