١یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
٢«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بەرەکەتدارت دەکەم، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەرەکەت.
٣ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم، نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم. هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»
٤ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، لوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت.
٥ئەبرام سارایی ژنی و لوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی و بەرەو خاکی کەنعان چوون و گەیشتنە ئەوێ.
٦ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتەدا کەنعانییەکان لە خاکەکەدا بوون.
٧یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.
٨لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێتئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێتئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە و عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
٩پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب بەردەوام بوو لە کۆچکردن.
١٠لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو بۆ ماوەیەک لەوێ بژیێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر بوو.
١١کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارایی ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت.
١٢کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە.
١٣بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»
١٤کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە.
١٥کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون.
١٦ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و کۆیلە و کەنیزە و وشتر.
١٧بەڵام یەزدان بەهۆی سارایی ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد.
١٨ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟
١٩بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ تاکو بیبەم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!»
٢٠ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.