کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن.

٢کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم.

٣یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم.

٤فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم.

٥بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»

٦نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.»

٧بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر.

٨گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»

٩ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“

١٠من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر.

١١لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان.

١٢بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»

١٣ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد:

١٤دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران،

١٥سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر.

١٦هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»

١٧فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“

١٨دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“»

١٩هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن.

٢٠هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.»

٢١ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.

٢٢یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە.

٢٣دوای ئەوەی کە ئەوانی لە جۆگەکە پەڕاندەوە، هەموو ئەوەشی کە هەیبوو ناردە ئەوبەرەوە.

٢٤ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵ کرد.

٢٥کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو.

٢٦ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.» بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»

٢٧پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟» یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»

٢٨ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل، چونکە لەگەڵ خودا و مرۆڤدا تێکۆشایت و سەرکەوتیت.»

٢٩یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.

٣٠ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل، چونکە گوتی: «ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»

٣١کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی.

٣٢هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیە ناخۆن کە لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە و گرژ دەبێتەوە، چونکە سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب، نزیک لەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە ئازاری پێ گەیشت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.