١یاقوب چاوی هەڵبڕی و بینی وا عیسۆ و چوار سەد پیاو دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد.
٢هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە.
٣خۆیشی پێشیان کەوت و هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
٤بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان.
٥ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟» یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
٦ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد،
٧دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
٨عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەموو مەڕوماڵاتەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟» ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
٩بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆتی هەڵبگرە.»
١٠یاقوب گوتی: «نەخێر، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لێ وەربگرە. ئێستا کە لێم ڕازیت، بینینی ڕووی تۆ وەک بینینی ڕووی خودا وایە.
١١دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» لەبەر ئەوەی یاقوب پێداگریی کرد، عیسۆ دیارییەکانی قبوڵ کرد.
١٢ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
١٣بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ئاژەڵەکان ماندوو بکەم، ئەوا هەموویان دەمرن.
١٤بۆیە با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش بەپێی مەڕوماڵاتەکە و منداڵەکان لەسەرخۆ دەکەومە ڕێ، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
١٥عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.» یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
١٦ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر.
١٧یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت. لەوێ خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا و سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
١٨دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا.
١٩ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی.
٢٠هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل».