کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٣٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت.

٢کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد.

٣دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.

٤شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.»

٥یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.

٦حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.

٧کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو.

٨بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی.

٩ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.

١٠دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.»

١١ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.

١٢مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»

١٣کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.

١٤پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.

١٥تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین: دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.

١٦ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.

١٧بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»

١٨قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو.

١٩کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو، لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست.

٢٠ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان:

٢١«ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.

٢٢بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین، ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون.

٢٣ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن، ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟»

٢٤هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.

٢٥لە ڕۆژی سێیەمدا، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو، کوشتیان.

٢٦بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.

٢٧ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.

٢٨هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد.

٢٩هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.

٣٠ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»

٣١بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.