١ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
٢ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن.
٣با هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»
٤ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.
٥ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
٦یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان.
٧لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێتئێل، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت.
٨دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
٩کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.
١٠خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
١١ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.
١٢ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»
١٣ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.
١٤یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد.
١٥یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
١٦ئینجا هەموویان لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار.
١٧لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.»
١٨ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەنئۆنی. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین.
١٩ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە.
٢٠یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
٢١ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.
٢٢کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە. یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
٢٣کوڕەکانی لێئە: ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب. شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
٢٤کوڕەکانی ڕاحێل: یوسف و بنیامین
٢٥کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل: دان و نەفتالی.
٢٦کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە: گاد و ئاشێر. ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
٢٧یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون.
٢٨ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا.
٢٩ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان.