١ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند.
٢بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.
٣یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟» بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون.
٤ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت.
٥ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد.
٦ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە.
٧بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
٨«ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر.
٩پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە.
١٠لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە.
١١لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
١٢«وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم.
١٣بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»
١٤ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا.
١٥ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
١٦کاتێک ماڵی فیرعەون هەواڵی هاتنی براکانی یوسفیان بیست، فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی دڵخۆش بوون.
١٧فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان.
١٨باوکتان و خانەوادەکانتان هەڵبگرن و وەرن بۆ لای من. منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ و دەتوانن لە پیت و فەڕی زەوییەکە بخۆن.“
١٩«هەروەها فەرمانت پێکراوە کە پێیان بڵێی، ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن.
٢٠با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
٢١کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر فەرمانی فیرعەون، عەرەبانەی پێ دان، هەروەها ئازووقەشی بۆ ڕێگا پێ دان.
٢٢قاتێک جلی بە هەریەکەیان دا، بەڵام سێ سەد شاقل زیو و پێنج قات جلی بە بنیامین دا.
٢٣ئەمانەشی بۆ باوکی نارد: دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، لەگەڵ دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ گەشتەکەی باوکی.
٢٤ئینجا براکانی بەڕێ کرد و پێش ڕۆیشتنیان پێی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
٢٥ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان.
٢٦پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن.
٢٧بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، هەروەها چاویشی بەو عەرەبانانە کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە.
٢٨ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»