کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٤٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.

٢خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

٣فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن.

٤من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»

٥ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی.

٦هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر.

٧کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.

٨ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتا یاقوب و نەوەکانی: ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.

٩کوڕەکانی ڕەئوبێن: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.

١٠کوڕەکانی شیمۆن: یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.

١١کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری.

١٢کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن. کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون: حەسرۆن و حامول.

١٣کوڕەکانی یەساخار: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.

١٤کوڕەکانی زەبولون: سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.

١٥ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.

١٦کوڕەکانی گاد: چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.

١٧کوڕەکانی ئاشێر: یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە لەگەڵ سەرەحی خوشکیان. کوڕەکانی بەریعە: حەڤەر و مەلکیێل.

١٨ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.

١٩دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب: یوسف و بنیامین.

٢٠لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن.

٢١کوڕەکانی بنیامین: بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.

٢٢ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.

٢٣کوڕەکەی دان: حوشیم.

٢٤کوڕەکانی نەفتالی: یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.

٢٥ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.

٢٦هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون.

٢٧بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا کەس بوون.

٢٨یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن.

٢٩یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.

٣٠ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»

٣١ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام.

٣٢پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“

٣٣ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“

٣٤دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.