کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٤٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.»

٢لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕایگرتن.

٣فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟» ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.»

٤هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «هاتووین بۆ ئەوەی ماوەیەک لەم خاکە نیشتەجێ بین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»

٥فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ.

٦خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»

٧ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد.

٨فیرعەون بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»

٩یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.»

١٠ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

١١ئینجا یوسف بەپێی فەرمانی فیرعەون باوکی و براکانی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد و لە باشترین زەوی لە خاکی میسر، کە دەکاتە خاکی ڕەعمسێس، موڵکی پێدان.

١٢هەروەها یوسف خۆراکی بۆ باوک و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان دابین کرد.

١٣لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو. خاکی میسر و کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون.

١٤یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە خەڵکی میسر و کەنعان گەنمیان پێ دەکڕی. ئینجا زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون.

١٥کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ پێبدە! بۆچی لەبەردەمت بمرین؟ زیوەکان تەواو بوو.»

١٦یوسفیش پێی گوتن: «ئەگەر زیو تەواو بووە، ماڵاتەکانتان بهێنن. لە جیاتی ماڵاتەکانتان، نانتان دەدەمێ.»

١٧ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا. ئەویش لە بەرامبەر ئەسپ، مەڕ، بزن، چێڵ و گوێدرێژەکانیان نانی پێدان. ئیتر بە درێژایی ئەو ساڵە لە بەرامبەر هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.

١٨کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت.

١٩بۆچی خۆمان و زەوییەکەشمان لەپێش چاوت بمرین؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»

٢٠یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی. خەڵکی میسر تەواوی کێڵگەکانیان فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون.

٢١یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری کردە کۆیلە.

٢٢تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.

٢٣ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «ئێستا کە خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕیوە، ئەوە تۆو، بڕۆن و لە زەوی بیچێنن.

٢٤بەڵام لە کاتی خەرماندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون. چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»

٢٥ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە. ئەگەر گەورەمان لێمان ڕازی بێت، ئێمە کۆیلەی فیرعەونین.»

٢٦ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، کە هەتا ئەمڕۆش پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە. ئەم یاسایە تەنها زەوی کاهینەکانی نەگرتەوە، چونکە نەبووە هی فیرعەون.

٢٧نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوون. لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.

٢٨یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ.

٢٩کە کاتی مردنی ئیسرائیل نزیک بووەوە، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە،

٣٠بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.» ئەمیش گوتی: «داواکارییەکەت جێبەجێ دەکەم.»

٣١ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.