کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٤٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.

٢«ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن، گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.

٣«ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت، هێزی منیت و یەکەم توانامیت، سەری شانازی و سەری هێزی.

٤هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت، چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت، گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.

٥«شیمۆن و لێڤی بران، بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.

٦من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان، سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست.

٧نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە، لە هەڵچوونیان کەوا سەختە. لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.

٨«یەهودا، براکانت ستایشی تۆ دەکەن، دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت، کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.

٩بەچکە شێرە یەهودا، لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم. خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟

١٠داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.

١١نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە. جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.

١٢چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و ددانەکانی لە شیر سپیترن.

١٣«زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە بەندەری کەشتییەکان، سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.

١٤«یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.

١٥بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و زەوییەکەی دڵگیرە، شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.

١٦«دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.

١٧دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا، مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو، بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.

١٨«ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.

١٩«چەتە پەلاماری گاد دەدەن، بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.

٢٠«لە ئاشێر نانی چەور دەبێت، ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان.

٢١«نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و بەچکەی جوانی دەبێت.

٢٢«یوسف مێوێکی بەردارە، مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو، چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.

٢٣تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.

٢٤بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە، بازووەکانی دەستی لێزان بوون، بە دەستی توانادارەکەی یاقوب، بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل،

٢٥بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات، بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات، بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە، بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.

٢٦بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی، لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان. با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی.

٢٧«بنیامین گورگێکی دڕندەیە، بەیانییان نێچیر دەخوات و ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»

٢٨هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.

٢٩ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە،

٣٠کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.

٣١ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت.

٣٢کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.»

٣٣کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.