کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٥٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد.

٢ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد.

٣مۆمیاکردنەکە چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کارەکە تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.

٤کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن،

٥کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش ڕێگام بدە کە بچم باوکم بنێژم و بگەڕێمەوە.»

٦فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و بەو جۆرەی سوێندی داویت، باوکت بنێژە.»

٧ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون،

٨لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت.

٩کۆمەڵێکی زۆر گالیسکە و ئەسپ سواریش لەگەڵی چوون.

١٠ئینجا گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ئاتاد، کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا. یوسف حەوت ڕۆژ ماتەمی بۆ باوکی دانا.

١١کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.

١٢کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد.

١٣جا کوڕەکانی هەڵیانگرت و بردیان بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، ئەوەی کە ڕووەو مەمرێیە و ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.

١٤ئیتر یوسف و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون، دوای ناشتنی باوکی گەڕانەوە بۆ میسر.

١٥کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.»

١٦ئیتر پەیامیان بۆ یوسف نارد و گوتیان: «باوکت پێش مردنی ڕایسپاردووین و گوتوویەتی:

١٧”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببوریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.

١٨دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»

١٩بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟

٢٠مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا کردی بە چاکە تاکو وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر.

٢١ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.

٢٢یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا

٢٣و منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، کە دەکاتە نەوەی سێیەم. هەروەها ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەویان وەرگرتووە.

٢٤ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.»

٢٥ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»

٢٦دوای ئەوە یوسف لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.