١ئەو سروشەی کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.
٢ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و تۆش گوێ ناگریت؟ هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و تۆش ڕزگار ناکەیت؟
٣بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟ بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟ وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە، ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.
٤لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت. خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا، لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.
٥«تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن، بە تەواوی سەرسام بن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم، ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.
٦من بابلییەکان هەڵدەستێنمەوە، گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە، بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر، بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.
٧تۆقێنەر و ترسێنەرە، خۆیان حوکم دادەنێن و شکۆی خۆیان دەسەپێنن.
٨ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و لە گورگی ئێواران توندوتیژترن، سوارەکانی بە پڕتاوی لە دوورەوە دێن، وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.
٩هەموو بۆ ستەمکاری دێن، ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات بەرەو پێش دەچێت، وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.
١٠گاڵتە بە پاشایان دەکەن و میران دەکەنە گاڵتەجاڕ، بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن، خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.
١١ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن، تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»
١٢ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟ خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت. ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا، ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.
١٣چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن، ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت. کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟ بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟
١٤مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت، وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.
١٥دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات، بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات، لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە، لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.
١٦هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و بخووری بۆ دەسووتێنێت، چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و خواردنەکەی چەورە.
١٧هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات، بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟