کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحەبەقوق

حەبەقوق ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری، چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.

٢ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی: «سروشەکە بنووسەوە و لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە، تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت،

٣چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە، باسی کۆتایی دەکات و درۆ ناکات. ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە، چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.

٤«تەماشا، دوژمن خۆی گف کردووەتەوە، ئارەزووەکانی ڕەوا نییە، بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.

٥لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.

٦«ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“

٧ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.

٨لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.

٩«قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!

١٠پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.

١١لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.

١٢«قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.

١٣ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟

١٤چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

١٥«قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات، هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات، تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.

١٦تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی. ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە، جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ، شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.

١٧ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت. لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.

١٨«ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.

١٩قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.»

٢٠بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە، با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.