کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحەبەقوق

حەبەقوق ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:

٢ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست، ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام، لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە، با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن، لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!

٣خودا لە تێمانەوە هات، پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.

٤پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە، لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت، لەوێدا توانای شاردرابووەوە.

٥پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت، گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.

٦ڕاوەستا و زەوی هەژاند، تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند. چیا دێرینەکان کوتران، گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام یەزدان جاویدانییە.

٧چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی، ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.

٨ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟ ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟ ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو، تاکو سواری ئەسپ بیت و گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟

٩کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و داوای تیرێکی زۆرت کرد. بە ڕووبارەکان زەویت شەقکردووە،

١٠چیاکان تۆیان بینی و لەرزین، لافاوی ئاوەکان تێپەڕین، قووڵاییەکان دەنگیان هات، شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.

١١خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان، بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت، بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.

١٢بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت، بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.

١٣بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە، بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت. سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد، لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.

١٤بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد، کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان، خۆشیان ئامادە کرد بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.

١٥بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر، ئاوە زۆرەکانت هەژاند.

١٦بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە، لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین، ئێسکەکانم کلۆر بوون، چۆکم لەرزی. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.

١٧لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە، لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن، لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر دەبڕدرێتەوە و مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،

١٨بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم، بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

١٩یەزدانی پەروەردگار هێزی منە، پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات، توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان. بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.