١کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە.
٢با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت.
٣با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.
٤لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە.
٥ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت: ﴿ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
٦چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾
٧کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟
٨ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین.
٩سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟
١٠باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین.
١١هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.
١٢کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن،
١٣﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾ تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.
١٤کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت.
١٥ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو ببێت.
١٦ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت.
١٧دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.
١٨ئێوە نەهاتوونەتە لای شاخێک دەستی لێ بدرێت، لای ئاگرێکی بەتین، لای تاریکی، لای تەم، لای گەردەلوول،
١٩لای دەنگی کەڕەنا، لای دەنگی قسەکردنێک وا لە گوێگران بکات بپاڕێنەوە ئیتر ئەم قسانەیان بۆ نەکرێت،
٢٠لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بەرگەی فەرمانەکانی خودا بگرن: ﴿تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش دەستی بەر ئەو کێوە بکەوێ، دەبێ بەردباران بکرێت.﴾
٢١دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، موسا گوتی: ﴿من لە ترسان دەلەرزم.﴾
٢٢بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە،
٢٣بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون،
٢٤بۆ لای عیسا، کە ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، بۆ خوێنێکی پرژێنراو کە لە خوێنی هابیل باشتر دەدوێت.
٢٥ئاگاداربن قسەکەرەکە ڕەت مەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانەی قسەکەری سەر زەوییان ڕەتکردەوە دەرباز نەبووبن، ئایا ئێمە چۆن دەرباز دەبین ئەگەر لە قسەکەری ئاسمان هەڵبگەڕێینەوە؟
٢٦ئەوسا دەنگی خودا زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا بەڵێنی داوە و دەفەرموێ: ﴿جارێکی دیکە نەک تەنها زەوی دەهەژێنم، بەڵکو ئاسمانیش.﴾
٢٧وشەی «جارێکی دیکە» ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئەو شتانەی کە دەهەژێن، واتا شتە دروستکراوەکان، تاکو ئەو شتانەی کە ناهەژێن بمێننەوە.
٢٨لەبەر ئەوە با سوپاسگوزار بین، چونکە شانشینێک وەردەگرین کە ناهەژێت، بەهۆیەوە بە شێوازێکی پەسەند بە ترس و ڕێزەوە خودا بپەرستین،
٢٩چونکە ﴿خودامان ئاگرێکی بەتینە.﴾