١باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین،
٢چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
٣بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
٤بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
٥بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە.
٦بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
٧بە باوەڕ نوح کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ترسی خودای کەوتە دڵ و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی خاووخێزانەکەی. بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
٨بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت.
٩بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێندراو نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون،
١٠چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
١١بە باوەڕ سارا توانای سکوزای پێدرا، هەرچەندە نەزۆک بوو و تەمەنی سکوزاشی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیا بوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە.
١٢بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات.
١٣هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن.
١٤ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن.
١٥ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو.
١٦بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
١٧بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی،
١٨هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾
١٩ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
٢٠بە باوەڕ ئیسحاق داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.
٢١بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد.
٢٢بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن.
٢٣بە باوەڕ کاتێک موسا لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.
٢٤بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت.
٢٥بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت.
٢٦موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە.
٢٧بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت چونکە ئەوەی بینی کە نەبینراوە.
٢٨بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە دەستیان لێ بدات.
٢٩بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
٣٠بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.
٣١بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.
٣٢چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم،
٣٣کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست،
٣٤هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە.
٣٥هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت.
٣٦هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە.
٣٧بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون.
٣٨جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
٣٩هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت،
٤٠چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.