کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزعیبرانییەکان

عیبرانییەکان ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە کامڵ و تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە.

٢ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن.

٣بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە،

٤چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.

٥لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی: ﴿بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.

٦بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.

٧ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە، تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»﴾

٨لە سەرەوە فەرمووی: ﴿تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،﴾ ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت،

٩ئینجا مەسیح فەرمووی: ﴿ئەوەتا هاتم تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم.﴾ یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ.

١٠بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.

١١هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات.

١٢بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت،

١٣لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی،

١٤چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.

١٥ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:

١٦﴿یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم، «فێرکردنەکانم دەخەمە ناو دڵیان و لەناو مێشکیان دەینووسم.»﴾

١٧پاشان دەفەرموێت: ﴿لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾

١٨لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.

١٩بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە،

٢٠بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە،

٢١لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا دەکات،

٢٢هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا.

٢٣با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە.

٢٤هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک.

٢٥با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.

٢٦ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە،

٢٧بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.

٢٨ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرا.

٢٩بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟

٣٠لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾ هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾

٣١کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.

٣٢ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت.

٣٣هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە.

٣٤هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.

٣٥کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە،

٣٦چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن،

٣٧چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت، ﴿ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت.

٣٨ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت، هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە، ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.﴾

٣٩جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕێنەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.