١ڕاستە کە پەیمانەکەی یەکەم ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە.
٢چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز.
٣پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز،
٤بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدابوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان.
٥لەسەریشی کەڕوبەکانی شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.
٦کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچوونە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت.
٧بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک دەچوو، ئەویش بێ خوێن نەدەبوو. خوێنەکەی لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل پێشکەش دەکرد کە بە نەزانی کردوویانە.
٨بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژەی دەکرد کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت.
٩ئەوەش هێما بوو بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن.
١٠ئەوانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتین کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.
١١بەڵام کاتێک مەسیح وەک سەرۆکی کاهینان هات بۆ ئەو شتە باشانەی ئێستا هەن، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتا هی بەدیهێنراو نییە.
١٢بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت،
١٣چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت، پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە،
١٤ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.
١٥لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.
١٦ئەگەر وەسیەتنامە هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ،
١٧چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت.
١٨بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا،
١٩چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی.
٢٠فەرمووی: ﴿ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.﴾
٢١هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن.
٢٢بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.
٢٣پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە،
٢٤چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت.
٢٥هەروەها بۆ ئەوە نەچووە ئاسمان کە چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک بە خوێنێک کە هی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز.
٢٦ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی.
٢٧وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە،
٢٨مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بە قوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.