١گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی خودای پایەبەرز دانیشت،
٢خزمەتکاری پیرۆزگا و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی پەروەردگار دایناوە نەک مرۆڤ.
٣لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات.
٤ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات.
٥ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: ﴿بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.﴾
٦بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.
٧لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا.
٨بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ: ﴿یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
٩وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن، ئیتر منیش پشتگوێم خستن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٠یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و لەسەر دڵیان دەینووسم، من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
١١لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،» چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
١٢چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾
١٣کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن و پیر بوو، ئەوا لە نەمان نزیکە.