١ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،
٢ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتا «پاشای ئاشتی».
٣بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
٤سەرنج بدەن چەند کەسێکی گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ.
٥بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، واتا لە براکانیان، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن.
٦ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد.
٧بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترینەوە بەرەکەتدار دەکرێت.
٨لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە.
٩ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە،
١٠چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
١١ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟
١٢چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕدرێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕدرێت.
١٣ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای نەکردووە.
١٤ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە.
١٥زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت،
١٦کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت،
١٧چونکە شایەتی دەدات: ﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت، لە پلەی مەلکیسادق.﴾
١٨ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو،
١٩چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
٢٠ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین،
٢١بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو: ﴿یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت: «هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»﴾
٢٢بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
٢٣کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن.
٢٤بەڵام لەبەر ئەوەی عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە.
٢٥بەو هۆیەوە دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
٢٦لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆکی کاهینانە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا.
٢٧ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆکی کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان.
٢٨تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆکی کاهینان دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە دادەنێت کە بۆ هەتاهەتایە کامڵ و تەواو کراوە.