١بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا،
٢فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی.
٣ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.
٤ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز،
٥هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە،
٦ئەگەر هەڵگەڕانەوە، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.
٧لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانە دەخواتەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێکی بە سوود دەدات بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە بەرەکەتدار دەبێت.
٨بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی بەرهەم هێنا، ئەوا پووچە و نزیکە لە نەفرەت، کۆتاییەکەشی سووتانە.
٩خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری.
١٠خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن.
١١ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا هەتا کۆتایی،
١٢بۆ ئەوەی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.
١٣کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات،
١٤فەرمووی: ﴿بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت زۆر دەکەم.﴾
١٥بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.
١٦خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە.
١٧خودا سوێندی خوارد، چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات.
١٨خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، دەیەوێت ئێمە زۆر هانبدرێین، کە پەنامان بۆ ئەو بردووە بۆ ئەوەی دەستبگرین بەو هیوایەی کە پێمان دراوە.
١٩ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە،
٢٠لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆکی کاهینان، لە پلەی مەلکیسادق.