کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزعیبرانییەکان

عیبرانییەکان ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات.

٢دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە.

٣لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.

٤کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد.

٥بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆکی کاهینان، بەڵکو خودا پێی فەرموو: ﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾

٦وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ: ﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت، لە پلەی مەلکیسادق‏.﴾

٧عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا.

٨هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و

٩لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.

١٠ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆکی کاهینان ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.

١١لەم بارەیەوە قسەمان زۆرە بیکەین، بەڵام ڕوونکردنەوەی زەحمەتە، چونکە گوێتان گران بووە.

١٢هەرچەندە دەبووایە ئێوە ئێستا مامۆستا بوونایە، پێویستتان بە کەسێکە دیسان بنەما سەرەکییەکانی وشەی خوداتان فێر بکات. واتان لێ هاتووە پێویستتان بە شیر بێت نەک خۆراکی بەهێز.

١٣هەر یەکێک شیرەخۆرە بێت ئەوا لە فێرکردنی ڕاستودروستی ڕانەهاتووە، چونکە ساوایە.

١٤بەڵام خۆراکی بەهێز بۆ ئەوانەیە کە پێگەیشتوون، ئەوانەی کە بە بەردەوامی مەشقیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چاکە و خراپە جیا بکەنەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.