کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ١١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.

٢بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن، ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە، قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.

٣من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد، دەستم بە باڵیانەوە گرت، بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.

٤بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم، بە بەستنی خۆشەویستی، من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت، چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.

٥«ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر و ئاشور نابێتە پاشایان، چونکە ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە لام؟

٦شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت، کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.

٧گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من. تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن، ئەو پایەبەرزیان ناکات.

٨«ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟ ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟ چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟ چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟ دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.

٩گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم، چونکە من خودام نەک مرۆڤ، من خودا پیرۆزەکەم، لە ناوەڕاستی ئێوەدام، بە قینەوە نایەم.

١٠لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن، وەک شێرێک دەنەڕێنێت. کاتێک دەنەڕێنێت، منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.

١١وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن، وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە. ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٢ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە، یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا، لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.