کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت، دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە، هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات. لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.

٢یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە، سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات، کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

٣لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.

٤لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت، گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت. لە بێت‌ئێل تووشی بوو، لەوێ قسەی لەگەڵی کرد.

٥یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ناوبانگی یەزدانە!

٦تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.

٧بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە، حەز دەکات ستەم بکات.

٨ئەفرایم گوتی: «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا، لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە کە گوناه بێت.»

٩«من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم، ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا، دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم، وەک ڕۆژانی جەژن.

١٠قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن، هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»

١١ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟ بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن! لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی، بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.

١٢یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام هەڵات و ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد، لە پێناوی ژنێکدا شوانایەتی کرد.

١٣یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.

١٤بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد، پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.