١«ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن! ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن! حوکمەکە لە دژی ئێوەیە، چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە، هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
٢یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە، منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
٣من ئەفرایم دەناسم و ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە. ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر، ئیسرائیل گڵاو بووە.
٤«کارەکانیان ڕێیان نادات بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە، چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
٥لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن، یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
٦بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن، بەڵام بۆیان دەرناکەوێت، چونکە لێیان دوور کەوتووەتەوە.
٧ناپاکییان لە یەزدان کرد، چونکە منداڵی زۆڵیان بوو. ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
٨«لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و لە ڕامەش زوڕنا. لە بێتئاڤن نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛ ”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
٩ئەفرایم وێران دەبێت لە ڕۆژی تەمبێکردندا. لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا ڕاستی ڕادەگەیەنم.
١٠میرانی یەهودا وەک ئەوانەن کە سنوور دەگوازنەوە، منیش تووڕەیی خۆم وەک باران بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
١١ئەفرایم زۆرلێکراوە، بە حوکم تێکشکێنراوە، چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
١٢من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
١٣«کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی، ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و بەدوای پاشا گەورەکەدا ناردی. بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و برینەکەتان لەسەر لاببات.
١٤من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر، چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم، دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
١٥دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و ڕوویان لە من دەکەن، لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»