کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان، چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات. ئەو برینداری کردووین و هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.

٢دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە، لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.

٣با دان بە یەزداندا بنێین، با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین. بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت ئاواش یەزدان دەردەکەوێت، وەک بارانی زستان دێتە لامان، وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»

٤«ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟ ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟ خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە، وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.

٥لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن، بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت، حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت،

٦چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی، لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.

٧بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد، لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.

٨گلعاد شاری خراپەکارانە و بە خوێن پێپەستە.

٩وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە، ئاواش دەستەی کاهینەکان، لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن، بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.

١٠لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم، لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات، ئیسرائیل گڵاوە.

١١«تۆش ئەی یەهودا، ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە. «هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە،

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.