کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد، تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون، هەروەها خراپەی سامیرە. فێڵیان کرد، دز چووە ژوورەوە و جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،

٢بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە. ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات، لە بەرچاومدان.

٣«بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و بە درۆکانیشیان میر.

٤هەموو داوێنپیسن وەک تەنوورێکی گەرمکراون کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات، لە کاتی هەویر شێلانەوە هەتا کاتی هەڵهاتنی.

٥لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا، میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت، پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.

٦دڵیان وەک ناخی تەنوورە، بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە. قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.

٧هەموویان وەک تەنوور گەرمن، دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن، هەموو پاشاکانیان دەکەون، کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.

٨«ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت. ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.

٩بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و ئەویش پێی نازانێت. قژی ماشوبرنج بووە و ئەویش پێی نازانێت.

١٠لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و بەدوایدا ناگەڕێن.

١١«ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە، گێل و بێ مێشک، بانگی میسر دەکەن و بۆ لای ئاشور دەچن.

١٢کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم، وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم. کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.

١٣قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن! ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون! من دەیانکڕمەوە، بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.

١٤کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن. بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە، لە من هەڵدەگەڕێنەوە.

١٥من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد، بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.

١٦دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز، وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت. لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن. لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.