کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«کەڕەنا ببە بۆ دەمت! هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان، لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.

٢هاوار بۆ من دەکەن: ”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“

٣بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە، لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.

٤ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو، میریان دانا، کە من نایانناسم. لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد، بۆ لەناوچوونیان.

٥ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ! تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت. هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟

٦هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن! وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا. گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.

٧«ئەوان با دەچێنن و گەردەلوول دەدورنەوە. چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و ئاردی لێ دروستناکرێت و ئەگەر دروستیش کرا بێگانەکان هەڵیدەلووشن.

٨ئیسرائیل هەڵلووشرا! ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.

٩وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها چوونە ئاشور. ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.

١٠هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە، بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە، ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار دەفەوتێن.

١١«هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد، بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.

١٢شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم، بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.

١٣قوربانیم پێشکەش دەکەن و خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن، بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە. ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و سزای گوناهەکانیان دەدات: ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.

١٤ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و چەندین کۆشکی بنیاد نا، یەهوداش شارە قەڵابەندەکان. بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.