١خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
٢ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە، چونکە یەزدان دەفەرموێت: «چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن، بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
٣گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی، بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت، گەلی من تێناگات.»
٤قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار، بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە، توخمی بەدکاران، کوڕانی گەندەڵین! وازیان لە یەزدان هێنا، بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد، پشتیان لێی کرد.
٥بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟ بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟ تەواوی سەر نەخۆشە و هەموو دڵ بیمارە.
٦لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر کوا تەندروستی تێیدا؟ بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە، لێدانی تەڕ و تازە کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
٧خاکەکەتان وێرانە، شارەکانتان سووتاوە، لەبەرچاوتان زەوییەکەتان بێگانەکان دەیخۆن، وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
٨سییۆنی کچ ماوەتەوە، وەک کۆخ لەناو ڕەزەمێودا، وەک کەپر لەناو بێستانی خەیاردا، وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
٩ئەگەر یەزدانی سوپاسالار کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات، لە عەمۆرا دەچووین.
١٠گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم! گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان، ئەی گەلی عەمۆرا!
١١یەزدان دەفەرموێت: «بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟ تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و لە چەوری دابەستەکان، دڵخۆش نیم بە خوێنی جوانەگا و بەرخ و تەگەکان.
١٢کە دێن بۆ بینینی ڕووم، کێ داوای ئەمەی لێکردوون، کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
١٣چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن! بخوور قێزەونە بۆ من. سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە، بەرگەی بۆنە ئایینییە خراپەکانتان ناگرم.
١٤سەرەمانگ و جەژنەکانتان گیانم ڕقی لێیانە. بوون بە بارگرانی بۆم، لێیان بێزار بووم.
١٥کە لە کاتی نزاکردندا دەستتان پان دەکەنەوە، چاوم لادەدەم لەسەرتان، تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن، من گوێ ناگرم. «دەستتان بە خوێن سوور بووە!
١٦«خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە. خراپەی کردەوەکانتان لەبەرچاوم لاببەن! وازبهێنن لە خراپەکاری،
١٧فێری چاکە بن! بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن، ستەملێکراوان هانبدەن. دادوەری هەتیو بکەن، پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
١٨یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت، وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛ ئەگەر وەک قرمز سوور بێت، وەک خوری لێدێت.
١٩ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن، خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
٢٠بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن، بە شمشێر دەخورێن،» چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
٢١«چۆن شارە دڵسۆزەکە بوو بە لەشفرۆش! پڕ دادوەری بوو، ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
٢٢زیوت بوو بە خڵت و شەرابت ئاوی تێکراوە.
٢٣میرەکانت یاخین و دۆستی دزانن، هەموو حەزیان لە بەرتیلە و دوای پاداشت کەوتوون. دادوەری بۆ هەتیو ناکەن، سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
٢٤لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت: «ئای، من تووڕەییم بەسەر ناحەزانمدا دەڕێژم و تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
٢٥دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم، بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە، هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
٢٦ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا. پاش ئەمە پێت دەگوترێت ”شاری ڕاستودروستی“، ”شاری دڵسۆز“.»
٢٧بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە، تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
٢٨بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت، وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.
٢٩«شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی ئارەزووتان کرد، تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی هەڵتانبژارد.
٣٠وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
٣١مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر، جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»