١ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
٢لە ڕۆژانی کۆتاییدا، کێوی پەرستگای یەزدان لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت، بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
٣زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن: «وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین، بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب. فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات، بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.» فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت، پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
٤لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات، ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات. شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس. هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت، چیتر فێری جەنگ نابن.
٥ئەی بنەماڵەی یاقوب، وەرن، با بە ڕووناکیی یەزداندا بڕۆین.
٦وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا، لە بنەماڵەی یاقوب، پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە، پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
٧خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو، گەنجینەکانی سنووریان نییە. خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و گالیسکەکانی سنووریان نییە.
٨خاکیان پڕبوو لە بت، کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد، کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
٩جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە، لێیان خۆش مەبە.
١٠لە ڕووی سامی یەزدان و شکۆی مەزنییەکەی، بڕۆ ناو کەلەبەرد و لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
١١چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.
١٢یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک، لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە نزم دەبنەوە،
١٣لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان، لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
١٤لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
١٥لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز، لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
١٦لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش، لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
١٧جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
١٨هەموو بتەکان لەناودەچن.
١٩کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و ناو چاڵەکانی خۆڵ.
٢٠لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئەو بتە زیو و زێڕانەی کە بۆ پەرستن دروستی کردوون، بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات.
٢١کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.
٢٢پشت بە مرۆڤ مەبەستە، ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە. بۆچی حیسابی بۆ دەکرێت؟